گرێی پرس بە پێی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە (G.B) لە زمانى کوردیی دا
Keywords:
گواستنەوە, وشەکانى پرس, رستەى پرسیاریى, گواستنەوەى بەخورتیی, گواستنەوەى سەرپشکيیAbstract
ئەم توێژینەوەیە، بۆ خستنەڕووی لایەنەکانى گرێی پرس بە پێی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە (G.B) لە زمانى کوردیی دا تەرخانکراوە، کە لە دوو بەش و ئەنجام و لیستى سەرچاوەکان پێکهاتووە. لە بەشى یەکەمدا گرنگیی دراوە بە لایەنی تیۆريی و ئەو بابەتانەى پەیوەستن بە سينتاكسی گرێی پرسەوە لە زمانى کوردیی دا. لە بەشى دووەمدا گواستنەوەکان بە سەر دوو تەوەرەدا دابەشکراون، کە بریتین لە گواستنەوەى سەرپشکیی و گواستنەوەى بەخورتیی. لە هەر یەکێکیاندا بە شێوەیەکى ورد و زانستییانە نموونەی سەلمێنەر خراوەتەڕوو، تیایدا گواستنەوەى سەرپشکیى و بەخورتیی هاوشێوەى زمانى ئینگلیزیی لە زمانى کوردییشدا دیاریکراوە، بەڵام بە هەندێک جیاوازییەوە. ئەوەى لەم توێژینەوەیەدا گرنگ بێت، گواستنەوەى خورتییانە (سینتاکسی)یە، کە بە شێوەیەکى کارەکیى و بە پێی میتۆدى شیکاریی، کارى لە سەر کراوە و بوونى لە زمانى کوردیی دا بەرجەستەکراوە. ئەو کێشانەى رووبەڕووی ئەم توێژینەوە بوونەوە، بریتیی بوون لە جێبەجێکردنى تیۆرییەکى گرنگیی رێزمانى جیهانیی U.G، ئەویش تیۆری دەسەڵات و بەستنەوەیە، کە بنەماکانى بە سەر زمانە جیهانییەکانی وەک ئینگلیزیی و فەڕەنسیی دا دابەشبوون، هەندێکجار زمانى کوردیی لە زمانى ئینگلیزییەوە نزیکە و هەندێکجاریش لەگەڵ زمانى فەڕەنسیی دا کۆکە، هەندێکجاریش لەگەڵ هیچ بنەمایەکى ئەو دوو زمانەدا نایەتەوە، چونکە زمانى کوردیی تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەنجامانەى لەم توێژینەوەیەدا بەدەستهاتوون، ئەوەى سەلماندووە کە هەردوو جۆری گواستنەوە لە زمانى کوردییدا هەیە، بۆ نموونە گواستنەوە سەرپشکییەکان هەموویان لە زمانى کوردیی دا نموونەی بەرچاویان هەیە، هەرچیى گواستنەوەى خورتییە بە شێوەیەکى سنووردار لە زمانى کوردیی دا هەیە، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا پێشنیازی ئەوە کراوە زمانى کوردیی وەک دامەزراوەیەکى سەربەخۆ، لەڕێی نموونەکاریی زمانى ئینگلیزییەوە شیکاریی بۆ نەکرێت، بەڵکو دواى شیکردنەوەى ئەو تیۆرانە بە شێوەیەکى ورد و زانستییانە بێت. پاشان لە زمانى کوردییەوە بڕوانرێتە بنەماکانی ئەو تیۆرە زمانەوانییانە.