شوناسی کۆمەڵایەتیی لە فیلمی کوردیی دا، لە روانگەی تیۆرە کۆمەڵناسییەکانەوە
Keywords:
شوناسی کۆمەڵایەتیی, تایبەتمەندیی کولتووریی, تاکی کۆمەڵایەتیی, پاڵەوانی فیلمی کوردییAbstract
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە مانا و دەلالەتەکانی شوناسی کۆمەڵایەتیی تاک وەک بکەرێک لەناو ژیاندا و، لە پێوەندیی بە تاکەکانی ترەوە. بیرکردنەوەکان، رەفتارەکان پێوەستن بە شوناسەوە، شوناس لە یەک کاتدا هەڵگری دوو خەسڵەتە (جیاوازیی و لێکچوون)، ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتیی لەناو یەکدا لەیەکتر ئەچن و، لەگەڵ ئەندامانی گروپێکی تری کۆمەڵایەتییشدا لێک جیاوازن. کۆبوونەوەی ئەم دوو خەسڵەتە لەیەک کات دا، لەناو گرووپدا ئەبێتە ئاماژەدەری شوناس. لەگەڵ ئەوەشدا، تاک خاوەنی شوناسی تایبەتیی خۆیەتی و هییچ دوو کەسێک لە یەکتر ناچن، بەڵام لە چوارچێوەی گرووپەکاندا هاوبەشیی و لێکچون لەنێوان تاکەکاندا درووست ئەبێت. ئەو خاڵانەش کە تیایدا تاکەکان هاوبەش ئەبن، ئەشێت خودی رەگەزە پێکهێنەرەکانی شوناس بن لە (جێندەر و نەتەوەیی و نەژادیی و ئایینیی). هەریەکە لە رەهەندەکانی (کۆمەڵایەتیی، کولتووریی، سیاسیی) شوناسی کۆمەڵایەتیی تاک لە چوارچێوەی گرووپدا پێک ئەهێنن. توێژینەوەکە بەدوای دۆزینەوەی ئەم مانایانەوەیە لە فیلمی کوردیی دا بۆ دەرخستنی شوناسی کۆمەڵایەتیی تاکی کورد. دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە برییتین لە: شوناسی کۆمەڵایەتیی ئەگەرچی لە رووکاردا جێگیر دەرئەکەوێت، بەڵام بە گۆڕان لە بارودۆخی کۆمەڵایەتییدا ئەبێتە هۆی گۆڕان لە شوناس دا. ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە کولتووریی و کۆمەڵایەتیی انەی مرۆڤی کوردیی پێ ئەناسرێنەوە و دەرکەوتنەوەشیان لە فیلمی کوردییدا، دیارییکراون. تاک بەپێی خۆدۆزینەوە و پابەندبوونی بە گرووپەکەیەوەیە، دۆخی شوناسەکەی دیاری ئەکرێت، کە ئەو تاکە لە کام دۆخی (بەرجەستەبوون، رێگریی، ئاستەنگ، پەرتبوون)دایە. بەم پێیە پاڵەوانی فیلمە کوردییەکان دیاریکراون کە، لە چ دۆخێکی شوناسدان. هەروەها، لە روانگەی تاک ئەو رەفتارەی ئەینوێنێت، بەشێکە لە شوناسە کۆمەڵایەتییەکەی، بەڵام لە ئەگەری تەنهابوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، ئەشێت رەفتارەکانی ئەو تاکە گۆڕانی بەسەردا بێت.