سیستمی پەروەردە و پەیوەندیی بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هەستی نەتەوایەتیی لە هەرێمی کوردستان؛ زانکۆی سۆران وەک نموونە
Keywords:
پەروەردە, سیستمی پەروەردە, هەستی نەتەوایەتییAbstract
ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە، بریتییە لە هەڵسەنگاندن و دەرخستنی رۆڵی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان. ئەو ئامانجەش لە پڕۆسەی بیناکردنی نەتەوە و بەهێزکردنی ئینتیما و هەستی نیشتیمانیی لە ناو قوتابییاندا چڕبۆتەوە. بۆ کۆکردنەوەی زانیاریییەکانیش، میتۆدی چەندایەتیی، ئامرازی پرسیارنامە و نموونەی پشک بەکارهاتووە. لەپاڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگەی پێکهاتووە لە 331 قوتابی لە قۆناغی یەکەمی گشت بەشە زانستییەکانی زانکۆی سۆران. دوای دەستخستنی زانیاریییەکان، لە رێگەی بەرنامەی (SPSS)ەوە، شیکردنەوە بۆ داتا و زانیاریییەکان کراوە. یەكێك لەو ئەنجامانە بریتییە لەوەی، کە قوتابخانە وەک دەزگایەکی فەرمیی و بەشێک لە سیستمی پەروەردە، وەک پێویست رۆڵی خۆی لە بەخشینی زانیاریی سەبارەت بە مێژووی نەتەوەیی و بەها و نۆرمەکانی، نەگێڕاوە. دانەیەك لەو کەموکووڕییانە، ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، زانیاریی و شارەزاییان سەبارەت بە جەژنە نیشتیمانییەکان و رووداوە مێژووییەکان نییە. جیا لەوەش، ئەوەی لە ناو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا ئەبیندرێت، بریتییە لە کۆمەڵێک دروشم و دەستوور، کە زیاتر بە شێوازێکی رواڵەتی، کاریان لەسەر ئەکرێت. بۆیە قوتابخانە رۆڵێكی زۆر کەمی لە بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتیی قوتابییان هەبووە. لەم بارەیەشەوە، زۆرینەی داتاکانی توێژینەوەکە ئەو راستییە ئەسەلمێنن، کە سیستمی پەروەردە بە شێوەیەکی رێژەیی، لە پڕۆسەی بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتیی و ئینتیما و پڕۆسەی نیشتیمانسازیی شکستی هێناوە. سەرباری ئەوەش، گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت، کە لەپاڵ سیستمی پەروەردەدا، بە دڵنیاییەوە دامەزراوەکانی تر بە تایبەت سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر ئەم دۆخە بەرپرسیارن.