رۆڵی سیاسیی کورد لە سوودان (عوسمان دقنە) وەک نموونە
Keywords:
كوردانی سوودان, عوسمان دقنە, بزوتنەوەی مەهدیی, بەریتانیی-میسریی, پارتیزانییAbstract
ئەم توێژینەوەیە دەربارەی بەشداریی سیاسیی كوردە لە سوودان، گەڕانە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كورد رۆڵی لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی سوودان دا هەبووە؟ هەروەها تیشکخستنە سەر ئەو نادیارانەی کە پەیوەستە بە مێژوو و رۆڵ و کاریگەریی کورد لە سوودان کە بۆ چەند قۆناغێکی مێژوویی جیاواز ئەگەڕێتەوە، هەر لە سەرەتاکانییەوە لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیی و دەرکردنی نوبییەکان لە میسر ئاراستەی وەرگرتووە. دواتر لە سەردەمی فراوانخوازیی سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانیی و وەرچەرخانی ئاراستەی فراونخوازییەکەی لە ئەورووپاوە بۆ ناوچەکانی ئاسیا و ئەفریقیا بە گشتیی و سوودان بە تایبەتی، هەندێک لە سەرکردە و سەربازەکانی سوپاکەی بۆ دەستگرتن بە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوودان کورد بوون، ئەمە جگە لەوەی لە سەردەمی موحەمەد عەلی پاشا لە میسر و داگیرکردنی سوودان، دیسانەوە کورد وەک لایەنی سەربازیی و هەواڵگریی بەشداربوون، بەشێکی ئەو سەرباز و سەرکردانە لە سوودان نەگەڕاونەتەوە و بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵگەی سوودانیان پێکهێنا. توێژینەوەكە پشتبەستە بە میتۆدی کرۆنۆلۆجیی و شیكاریی. لە دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا دەرئەكەوێت كورد لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە لە بەرەنگارییكردنی داگیركاریی بەریتانیی بەشدارێكی سەرەكیی بووە، بە تایبەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوودان دا، بزوتنەوەی مەهدیی لە رۆژهەڵاتی سوودان لە لایەن سەركردەیەكی سیاسیی و سەربازیی كوردەوە بە ناوی عوسمان دقنە سەرکردایەتیی کراوە، كە جگە لە خۆی زۆرینەی خێزانە كوردەكانی رۆژهەڵاتی سوودان لە دژی بەریتانیا بەشداریی شۆڕش و راپەرین بوون. تەكنیكە سەربازییەكانی عوسمان دقنە هێزەكانی بەریتانیای هەراسان كردبوو، یەكەم كەس بوو لە کیشوەری ئەفریقیادا تەكنیكی سەربازیی بەریتانیی بە ناوی (چوارگۆشەی ئینگلیزیی) تێك بشكێنێ.