پرۆسەی زانیین لە فەلسەفەی ئەفڵاتون
Keywords:
ئپستمۆلۆجیی, زانیینی هەستەکیی, زانیینی راستەقینە, دیالکتیکAbstract
پوختە: پرسی زانین، یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی فەلسەفە و دەکرێت گرنگترینیشیان بێت. کە لە ڕێگەی خستنە بەرباسی چەند پرسیار و ڕامانێکەوە و، هەوڵی شرۆڤەکردنی باسەکەی داوە، لەوانە، زانینی راستەقینە و خەسڵەتەکانی، ئامرازەکانی زانیین، چییەتی زانیین، و چۆنێتی زانیینی راستەقیینە و سنووری زانیینی مرۆیی...هتد و، ئەمانە پرسگەلێکن لە کایە و پاوانی ئیپستمۆلۆجیایی دا (تیۆری زانیین) تاوتوێ دەکرێن. لەم نێوەندەدا فەیلەسوفگەلێک مایەی سەرنجن بۆ دەوروبەری خۆیان و دوای خۆیان.
لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان دا، دەکرێ ئەفلاتون بە نموونەی باڵای تاوتوێی ئەم پرسە لەبەرچاو بگیرێت، کە بابەتی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیەیە. ئەو ئەگەرچیی کتێبێکی تایبەتی بۆ تاوتوێی ئەم بابەتە دانەناوە، بەڵام لە زۆرێک لە دیالۆگەکانیدا، بەلای ئەم بابەتەدا چووە و دەتوانرێت خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. هەر ئەمەش وای کردووە لەم توێژینەوەیەدا پەنا ببرێتە بەر میتۆدی شیکاریی و، گوزەر بەنێو دەقەکانی ئەم گەورە فەیلەسووفەدا بکرێت و، هەوڵ بدرێت شرۆڤە و شیکارێکی ئیپستمۆلۆجیانەیان بۆ بکرێت. بۆ پێکانی ئەم ئاماجە توێژینەوەکە دابەش کراوە بۆ چوار دەروازە و دەرئەنجام. لە بەشی یەکەم لەسەر شێواز و میتۆدی بیرکردنەوەی ئەفلاتون، هەوڵدراوە سەرەتا رەخنە لە بنەماکانی زانیینی هەستەکيی بگیرێت و ئەو رەخنانە بخرێتەڕوو، کە زانیینی هەستەکیی و بیرکردنەوەی سۆفستاییەکان دەخاتە ژێر پرسیاروە. دواتر ئەڵتەرناتیڤی زانیینی هەستەکیی لە تەوەری دووەم باسی لێوەکراوە، کە ئایا بنەماکانی زانیین چین و پرۆسەی دیالێکتیک چ رۆلێکی تێدا بینییوە. لە تەوەری سێیەم دا، باس لە سروشتی زانیین کراوە، کە چۆن ئەفلاتوون باس لە پرۆسەی وەبیرهاتنەوە دەکات. لە تەوەری چوارەم و کۆتایی دا، باس لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی زانیینی راستەقینە کراوە. دواتر ئەنجامێکی سەرتاپاگیرانە لەسەر ئەم توێژینەوەیە پێشکەشکراوە.