پڕۆژەى سەرى ئەرکیى لە زمانى کوردیی دا
Keywords:
دیارخەر, سەرى ئەرکیى, حوکمکردن, پۆلەرەگەزدیاریکردن, کەتیگۆریى سینتاکسیىAbstract
توێژینەوەکە بە ناونیشانى (پڕۆژەى سەرى ئەرکیى لە زمانى کوردیی دا)، هەوڵدانە بۆ پەسنکردنى پڕۆژەى سەرى ئەرکیى دیارخەر لە زمانى کوردیى- شێوەزارى سلێمانیی دا. گرنگیى توێژینەوەکە، لە دیاریکردنى ئەو توخمە فەرهەنگییانەدا خۆی ئەبینێتەوە، کە وەک سەرى ئەرکیى دیارخەر، بەرهەمهێنانى فرێزى ئەرکیی دیارخەرییان لەئەستۆدایە و بەهۆیانەوە، چۆنێتیى بونیاتنانى پڕۆژەکە پەسن ئەکرێت. ناوەڕۆکى توێژینەوەکە، تایبەتە بە بونیاتنانى پڕۆژە ئەرکییەکانى دیارخەر بەپێى بنەماکانى تیۆرى (حوکمکردن و پۆلەرەگەزدیاریکردن)، بۆئەوەش سەرە پڕۆژەسازدەرەکان کراون بە سەنگى محەک، ئەوانەى جڵەوى پڕۆژەکەیان گرتووەو لەڕووى دروستە و گۆکردنەوە، بەرهەمهێنانى مسۆگەرئەکەن. ڕوونکردنەوەکە ئەوەمان پێئەڵێت، بوونى وەها جۆرێک پڕۆژەى سینتاکسیى، ئاماژەیە بۆ بوونى جۆرێکى ترى فرێز، کە سەرێکى تری پڕۆژەسازدەر بە ئەدگارى جیاوازەوە، باربۆى ئەکات، ئەوانیش ئەو (پڕۆژە فەرهەنگیی)یانەن، کە پەیوەست بە دیارخەرى فەرهەنگییەوە ڕووئەدەن. لێکەوتە و ئەنجامى توێژینەوەکەش ئەوە ئەخاتەڕوو، کە جۆرەکانى (فرێزى ئەرکیى دیارخەر)، لە مەودایەکى دیاریکراودا بەرهەمئەهێنرێن و هەریەکەشیان خاوەنى دروستە و پارامیتەرى تایبەت بە خۆیانن.