دیدگای دەرهێنەرانی شانۆ دەربارەی بەکارهێنانی زمانی جەستە و دەنگی ئەکتەر لە شانۆی مۆدێرنی کوردیی دا
Keywords:
دەرهێنانی شانۆیی, زمانی جەستە, دەنگی ئەکتەرAbstract
ئەم توێژینەوەیە لە بایەخی توانا فیزیکیەکانی ئەکتەری شانۆ (دەنگ و زمانی جەستە) لە دیدگای دەرهێنەرانی کوردی هەرێمی کوردستان ئەکۆڵێتەوە، ئامانجیەتی تێگەیشتنێکی زانستیانەی زیاتر بۆ پسپۆڕانی بوارەکە سەربار بکات لە پەیوەند بە کارکردنی دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەر لەناو دیدگای دەرهێنەرو دیمەنی شانۆییدا، بۆیە ئەم پرسەی بەگرفتی خۆی داناوەو لە دوو پرسیاردا دایڕشتووە کە وەڵامدانەوەیان ئەبێتە دەرخەری تواناو شارەزاییە فیزیکییەکانی ئەکتەری شانۆیی خۆماڵی پێ بەپێی پێداویستیەکانی سەردەم، لەگەڵ رەنگدانەوەی دیدی دەرهێنەر لەسەریان و کاریگەرییی ئەوانیش لەسەر دیدی دەرهێنەر. توێژینەوەکە لە سێ بەش پێکهاتووە؛ بەشی یەکەم تایبەتە بە چوارچێوەی میتۆدیی توێژینەوەکە، بەشی دووەمیش بە چوارچێوەی تیۆری و بەشی سێیەم و کۆتاییش رێوشوێنەکانی توێژینەوەکە لەخۆ ئەگرێت. توێژەر بۆ شیکاری نموونەی توێژینەوەکەی پشتی بە رێبازی توێژینەوەی (وەسفیی شیکاری) بەستووە، پەناشی بردۆتە بەر راپرسیی راستەوخۆی دەرهێنەرانی پێکهێنەری نموونەی توێژینەوەکە، پاشان ئەنجامەکانی توێژینەوەکە شیکارکراون ودەرئەنجامەکانی توێژینەوەیان لێ هەڵهێنجراوە کە بەپێی توانایان لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی گرفتی توێژینەوەو بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا ڕیزبەندی کراون. لەبەر رۆشنایی ئەو دەرئەنجامانەشدا توێژەر گرنگترین راسپاردەو پێشنیازەکانی خۆی خستۆتەروو پاشان لە کۆتایی بەشەکەدا سەرچاوە زانستییەکانی توێژینەوەکەی لە لیستێکدا ئاشکرا کردووە.