جێبەجێکردنی مۆدێڵی (AHP) لە دیاریکردنی شوێنی گونجاو بۆ درووستکردنی بەنداو لە ئاوزێڵی گۆڕیگنوش و خەمڵاندنی داهاتی ئاوی ساڵانەی بە بەکارهێنانی میتۆدی (SCS-CN)
Abstract
ئەم توێژینەوەیە لە بواری هایدرۆلۆجیای پراكتیكیدا كراوە و، تێیدا پشت بە مۆدێڵی (AHP) لە دیاریکردنی شوێنی گونجاو بۆ درووستکردنی بەنداو و میتۆدی (SCS-CN) بۆ خەمڵاندنی قەبارەی لە بەرڕۆیشتن و داهاتی ئاوی ساڵانە بەستراوە لە ئاوزێڵی گۆڕیگنوش دا، ئاوزێڵی گۆڕیگنوش ئهكهوێته ناوچهی نیمچەشاخاوی هەرێمی کوردستان، لە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ئاوزێڵەکە ئهكهوێته نێوان ئاوزێڵی خوڕخوڕ لە بەشی سەرەوە و ئاوزێڵی قۆرەتوو لە بەشی خوارەوەی، رووبەری گشتی ئاوێڵەکە ئهكاته (٥٦.٨٣)کم٢ و لە پلەی چوارەمیدا ئهڕژێتە رووباری سیروانەوە. ئامانج لەم توێژینەوەیە دیاریکردنی شوێنی گونجاوە بۆ درووستکردنی بەنداو، لە گەڵ خستنەڕووی تایبەتمەندی و توانستی گلدانەوەی ئاویی بەنداوەکە، هەروەها خەمڵاندنی داهاتی ئاوی ساڵانەی ئاوزێڵی ئەو بەنداوەی پێشنیار ئهكرێت، بە مەبەستی دروێنەکردنی ئاوی باران و کۆکردنەوەی بۆ بوژاندنەوە و پەرەپێدانی ناوچەکە بە تایبەت لە وەرزی وشکیدا. لەکۆتاییدا توێژینەوە گەیشت بە کۆمەڵێک ئەنجام، گرنگترینیان ئەوەیە کە بە پێی مۆدێڵی (AHP)، شەش فاکتەری گرنگ و کاریگەر بەهەند وەرگیروان و خراونەتە سەریەک لە پرۆگرامی (Arc Map GIS) بە فەرمانی (Weighted Overlay)، لە ئەنجامدا (٤) شوێن بە پێی رادەی گونجاویان لە ئاوزێڵی گۆڕیگنوش دا دەرکەوتووه، کە ئەوانیش بریتین لە (گونجاو، تاڕادەیەک گونجاو، گونجاوی کەم، بە تەواوی نەگونجاو)، بەڵام ناوچەی زۆرگونجاو لە ئاوزێڵەکەدا نییە، هەروەها تێکڕای داهاتی ئاوی ساڵانەی ئاوزێڵی بەنداوی گۆڕیگنوش بە پێی میتۆدی (SCS-CN) ئهكاته (٣٠٢٧٣٦٩,٢٦)م٣، ئەم بڕە ئاوەش گونجاوە بۆ مەبەستی پەرەپێدان و ئهکرێت لە چەندین بواری جۆراوجۆردا بەکاربهێنرێت.