شیکردنەوەى پێچاوپێچ و چەماوەى رۆخانەى رووبارى زێی بچووک لە گوندى دەڵگەوە بۆ دەربەندى رانیە
الكلمات المفتاحية:
پێچاوپێچ، چەماوە، لێژیى، راماڵیین، هاوئەندازەالملخص
ئەم توێژینەوەیە پێچاوپێچ و چەماوەیى رۆخانەى رووبارى زێی بچووک لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە، لەرووى تایبەتمەندیی مۆرفۆمەتریی و دابەشبوونیان بەدرێژایى ڕۆخانەى رووبارەکە، لەرێگەى خستنەڕووى هۆکارەکانى کاریگەر لەسەر پێکهاتنى دیاردە راماڵراوەکان لە رووبارەکەدا، وەک پلەى لێژیى و پێکهاتەى جیۆلۆجیى و کەرەستەى هەڵگیراو و تێڕژانى لقەچۆمەکان بۆ رووبارى سەرەکیى و چالاکیى تەکتۆنیى لە رووى کردەکانى جیۆمۆرفى وەک (داتاشین و گواستنەوە و نیشتن)، لەگەڵ کاریگەرى هۆکارە مرۆییەکان، هەروەها شیکردنەوەیى قۆناغەکانى گەشەسەندنى پێچەڕووبارییەکان، کە لە باکوور بۆ باشووریى رووبارەکە بە درێژایى رووبارەکە دەردەکەون، هەروەک لەیەکنەچوون و جیاوازى لە نێوان ماوەکانى (١٩٧٢-٢٠٢١)دا، لە پێکهاتنى پێچاوپێچ و چەماوە رووبارییەکاندا هەیە، ئەم لەیەکنەچوونەش لەرووى تایبەتمەندییەوە بەپێی پێکهاتەى جیۆلۆجیى و لێژیى لە رووى زەوى ناوچەکە دەگۆڕێت، هەروەها جیاوازییەکەش لەرووى تایبەتمەندیى مۆرفۆمەتریی و کردە جیۆمۆرفییەکان لە هەموو بەشەکانى رووبارەکەدا دەردەکەوێت. لهم توێژینەوەدا میتۆدى توێژینەوەیى لێههڵێنجان (الاستنباط) بەکارهاتووە، لهگهڵ شێوازى ژمێرهیى و شێوازى كارتۆگرافیى، بەکارهێنانى بەرنامەى (ArcGIS.V.10.8)، لەگەڵ بەکارهێنانى وێنەى مانگى لاندسات و نموونەیى بەرزى دیجیتاڵى (DEM12.5m)، بۆ ئەنجامدانى کارى مەیدانى ورد. لە ناوچەى توێژینەوەدا (١٧) پێچ لە رووبارەکەدا دیاریکراوە، لەو ژمارەیەش (٧) پێچەرووبار چەماوەیین، (١٠) پێچەرووباریش پێچاوپێچن، بەپێی هاوکێشەى رێژەى پێچخواردن، رۆخانەى رووبارەکە لە ناوچەکەدا شێوەى پێچاوپێچە، لەبەرئەوەى رێژەى پێچخواردنى گەیشتوەتە (١,٥٨)، هەروەها پێچاوپێچى کەوییە بەرزترین رێژەى پێچخواردنی هەیە، کە گەیشتوەتە (٥,٤)، لەهەمان کاتدا بەهاى هاوئەندازەیى لە پێچاوپێچى بێخرێ تەواو هاوئەندازەییە، چونکە بەهاى هەریەک لە لاى (س) و (ص) دەگاتە (٤٩)، هەروەها گۆڕان لە درێژى رووبار و لێژیى رووەکەى لە پێچاوپێچ و چەماوەکانى رووبارەکەدا بەردەوامە، بۆ نموونە درێژى رۆخانەکە بۆ ساڵەکانى (١٩٨٤ و ٢٠٠٠ و ٢٠٢١) بەدوایى یەکدا گەیشتوەتە (٣٢کم، ٣٢،٨٧٦کم، ٣١،٧٢٧کم)، ئەو گۆڕانکارییانەش کاریگەرییان لەسەر قەبارەى چالاکییە مرۆییەکانى ناوچەکە دەبێت.