کاریگەریی بەرزیی و نزمیی لەسەر دابەشبوونی پشتێنەکانی پۆشەری رووەکی سرووشتیی
الكلمات المفتاحية:
Gis & Rs & Excel، بەرزیی و نزمیی، لێژیی، رووەکی سرووشتیی، قەرەداغالملخص
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستییە، کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە جیاکردنەوەی تایبەتمەندیی پشتێنەکانی پۆشەری رووەکی سرووشتیی بەپێی بەرزیی و نزمیی، هەروەها دەرخستنی کاریگەریی بەرزیی و نزمییە لەسەر پشتێنەکانی پۆشەری رووەکی سرووشتیی، ئەمەش لە رێگەی شیکردنەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و زانیارییە ئامارییەکانی ئاووهەوای ناوچەکە، کە تێیدا زانیارییە شوێنیی و شەبەنگییەکان کۆکراونەتەوە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی توێژینەوەکە بەشێوەیەکی درووست و ورد، لەم توێژینەوەیەدا، سوود لە میتۆدی وەسفیی و شیکاریی و تاقیکاریی وەرگیراوە، بە بەکارهێنانی ئامراز و کەرەستەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی، وەک سەردانی مەیدانیی و داتا و زانیارییە فەرمییەکان، پاڵپشت بە بەکارهێنانی رێگا کاریگەرە زانستییەکان، کە بریتیین لە پشتبەستن بە زانستی هەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing)، هەروەها کۆکردنەوەی لەگەڵ سیستەمی زانیاریی جوگرافیایی (Geographic Infromation System)، ئەمەش سەرەڕای بەکارهێنانی بەرنامەی (Excel)، بۆ درووستکردنی نەخشە و خشتە. توێژینەوەکە بەسەر پێشەکیی و چوار باسدا دابەشکراوە، ئەوانیش بەرزیی و نزمیی، تایبەتمەندیی لێژیی، دابەشبوونی پشتێنەکانی رووەکی سرووشتیی ناوچەکە، گۆڕانکارییە کاتیی و شوێنییەکان. دەرکەوت کە ناوچەکە سێ پشتێنەی رووەکی سرووشتیی تێدایە، کە بریتیین لە پشتێنەی دارستانی چڕ، پشتێنەی دارستانی چڕ و دارستانی مامناوەند و کراوە، پشتێنەی گژوگیا و درەخت و دەوەن. توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، کە نزمترین خاڵ دەگاتە (٤٤٥م)، بۆ گەشەکردنی پشتێنەی گژوگیا و درەخت و دەوەن گونجاوە، بەرزترین خاڵ دەگاتە (١٨٤٠م) لە ئاستی رووی دەریاوە، بۆ پەرەسەندنی دارستانی داربەڕوو گونجاوە. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، دەکرێت ببێت بە بنچینەیەکی گرنگ بۆئەوەی لە داهاتوودا لە سەرجەم رووبەری هەرێمی کوردستاندا جێبەجێبکرێت، بۆئەوەی لایەنی پەیوەندییدار و پلاندانەرانی، سوود لە ئەنجامی توێژینەوەکە ببینن بۆ دانانی پلانی زانستیی بە باشترین شێوە، بۆ پاراستن و بەکارهێنانی ئەم دەرامەتە سرووشتییە.