توانستە سرووشتییەكانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە ئیدارەی راپەڕین دا
Keywords:
ئیدارەی راپەڕین, توانستە سرووشتییەكان, جۆرەكانی گەشتوگوزار, كێشەكانی گەشتوگوزارAbstract
توانستە سرووشتییەكان رۆڵی سەرەكیی و بەرچاویان لە گەشەپێدانی گەشتوگوزاریی لەهەر ناوچەیەكدا هەیە، ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانی (توانستە سرووشتییەكانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە ئیدارەی راپەڕین دا)، ئامانج لێی دەرخستن و شیكردنەوەی توانستە سرووشتییەكان و كێشەكانی بەردەم پەرەپێدانی گەشتوگوزارە لە ئیدارەی راپەڕین دا، لەگەڵ هەبوونی چەندین توانستی جۆراوجۆری سرووشتیی بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی لەناوچەكەدا، بەڵام چەندین كێشە رێگرە لەبەردەم پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی كەمیی خزمەتگوزاریی گەشتیاریی و خراپیی رێگاوبانەكان. هەردوو میتۆدی ئوسوڵیی و شیكاریی بەكارهێنراوە لەگەڵ هەریەك لە بەرنامەكانی ( (ArcGIS.v.10.5و (Google Earth) بەمەبەستی خستنەڕووی بنەما سرووشتییەكان و چۆنیەتیی كاریگەریی ئەم بنەمایانە لەسەر پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە ناوچەكەدا، كە لە رێگەی چەندین خشتە و نەخشە و وێنەی جۆراوجۆرەوە خراونەتەڕوو. توێژینەوەكە گەیشتووە بە كۆمەڵێك دەرئەنجام، لە گرنگترینییان ناوچەكە هاوسنوورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای هەولێر و قەزاكانی دووكان و شارباژێر، كە سەر بە پارێزگای سلێمانیین، لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی راپەڕین خاوەنی چەندین بنەمای گەشتوگوزاریی جیاوازە، ئەمەش وایكردووە ببێت بە جێگەی بایەخی گەشتیاران، لە كۆتاییدا چەندین پێشنیار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و چۆنییەتی پەرەپێدان و پلاندانان لە ئیدارەی راپەڕین دا خراونەتەڕوو، كە ببێت بە هۆی زۆربوونی ژمارەی گەشتیاران و پەرەپێدان و پێشكەوتنی كەرتی گەشتیاریی لە ناوچەكەدا.