ترس لە خێرایی لە فەلسەفەی پۆل ڤیریلیو دا

المؤلفون

  • ئازاد حەمە عبداللە بەشی باخچەی مناڵان، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، زانکۆی سلێمانی، هەرێمی کوردستان، عێراق. المؤلف

الكلمات المفتاحية:

ترس، خێرایی، پۆل ڤیریلیو، جەنگ، کات، شار، جووڵە

الملخص

لە سەردەمی ئێستادا لە کۆمەڵگەیەکی فرە نوێداین و خێرایی تێکنەلۆژیش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم خێراییە بووە بە بەشێک لە سروشتی مرۆییمان و کاریگەری بەسەر ئاگاییمانەوە داناوە، ترسیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئامرازە هاوچەرخەکانی گەیاندن: شەمەندەفەری خێرا، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، ئینتەرنێت، رۆکێتی بە لیزەر کارکردوو و ...هتد، هەموو ئەمانە خێرایی وەک رەها دەرئەخەن. خێرایی سەردەم، کە بوەتە ئایدۆلۆژیا و گشتمانی داگیرکردووە لەناو ئابووریی، سەربازگەریی و سیاسەتیشدا دەبینرێت. جووڵەی ئێمە لەژێر فشاری ئەم خێراییەدا بووە بە بەشێک لە ئێمە. جووڵەکانمان ئاسایی نیین و لە گشت شوێنێکیش ئەم جۆرە جووڵەیە ئامادەیە. بە واتایەکی تر، سەردەمی ئێساتامان سەردەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. وەکی تر خێرایی بەرپرسیارە لە گشت رووداوەکانمان (کارەساتەکانمان) و، ئامرازەکانی گەیاندنیش هەتا گەورەتر و خێراتربن رووداوەکانیان گەورەتر ئەبن. ئا لێرەوە ترس لە خێرایی دەستپێئەکات. کارە فەلسەفییەکانی پۆل ڤیریلیو Paul Virilio (1932 – 2018 ) لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی تێکنەلۆژیای زانیارییمان نزیک ئەکەنەوە و، ترس لە خێراییش لە فەلسەفەی ناوبراودا ترسە لە چەند بابەتێک، کە هەوێنی ئەم توێژینەوەیە پێکئەهێنن. ترس لە خێرایی لەلایەک ترسە لە رەهەندی جەستەیی شارستانیی نوێ، کە شارستانییەکی تێکنەلۆژییە، کە رۆڵی سەرەکیی هەیە لە درووستکردنی خێرایی و خێراییکردن، لەلایەکی تر ترسە لە تێکنەلۆژیاکانی خێرایی، کە ئەبێت بە هۆی دابەزینی ئەزموونی مەودایی و جەستەیی. هاوکات توێژینەوەکە بەدوای ئەو کێشەیەوە وێڵە، کە پێیوایە هێزە وێرانکەرەکانی تێکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی شارستانیی ئێستا و کۆمەڵگەی تێکنۆ-پیشەسازیی، کە ئەم خێراییەیان هێنایەکایەوە بەرپرسیارن لە درووستکردنی ترس. بەم شێوەیە ئەگەینە ئەوەی بڵێین كاتێك پۆل ڤیریلیو لە توێژینەوەکانیدا لەسەر خێرایی ئەوەستێت، نزیکمان ئەکاتەوە لە خێرایی مرۆڤی نوێ و رەفتارەکانی ئەم مرۆڤە. واتە خێرایی بە مەحەکی ناسینی سەردەم و دیارەدەکانی ئەزانێت. کەوابێت ئەم توێژینەوەیە، کە تایبەتە بە ترس لە خێرایی سەردەم، دوو ئامانجی گرنگ لەخۆئەگرێت. ئامانجی یەکەم بریتییە لە کارکردن لەسەر شێوازی فەلسەفیی ڤیریلیو سەبارەت بە خێرایی، کە خێراکردنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەرهەمهێناوە. ئامانجێکی تری ئەم توێژینەوەیە، ئەوەیە، کە ئەوە بخەینە بەرچاو، کە چۆن خێرایی فیزیایی تێکنەلۆژیا، کە تێۆرییەکی ڤیریلیوە، دیاردەکانی کۆمەڵگەی نوێ (جووڵە، کات، جەستە، شار، جەنگ) ئەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ئەبێت بە درووستکەری ترس. بەمجۆرە بەپێی فەلسەفەی درۆمۆلۆجیی Dromology (خێراییناسیی) ڤیریلیو ئەگەین بەو دەرئەنجامەی، کە خێرایی ئەو شتەیە، کە گەشەی کۆمەڵگەی نوێی پێ ئەپێورێت.

منشور

2024-08-02

إصدار

القسم

Articles

كيفية الاقتباس

ترس لە خێرایی لە فەلسەفەی پۆل ڤیریلیو دا. (2024). Journal of Kurdistani for Strategic Studies, 4. https://kissrjour.org/index.php/jkss/article/view/163