دۆزی کورد (١٩٧٥- ١٩٨٠) و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی (عێراق- سووریا )
الكلمات المفتاحية:
عێراق، سووریا، رۆژئاوا، باشوور، کوردستان، حزبی بەعس، پەیوەندیی، کاریگەریالملخص
دۆزی کورد لە قۆناغەکانی مێژوویی هاوچەرخی کورددا، کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە هەرێمییەکان بەگشتیی و پەیوەندیی نێوان عێراق و سووریا بە تایبەتی درووست کردووە، بە دیاریکراوی لە ماوەیی رێککەوتننامەی جەزائیر کاریگەرییەکانی زیاتر بووە، بە جۆرێک کۆتایی بە یەکێک لە شۆڕشە گرنگەکانی کورد هێنا، کە شۆڕشی ئەیلوول بوو، لەگەڵیدا پەیوەندیی نێوان عێراق و سووریا ی بەرەو خراپتری بردووە. توێژینەوە لەسەر دۆزی کورد و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لە ماوەیی رێککەوتننامەی جەزائیر گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە لەم ماوەیەدا پەیوەندییە خراپەکانی هەر دوو وڵات رەنگدانەوەییان لەسەر دۆزی کورد هەبووە، بۆیە بە پشت بەستن بە میتۆدی شرۆڤە و ساغکردنەوەی رووداو و پێشهاتە سیاسییەکان گرنگی ئەم پرسە دەخڕێتەروو، هەرچەندە قۆناغی دوای ساڵی (١٩٧٥) بەهۆی دروستبوونی چەند پارتێکی سیاسیی نوێ لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی و سەربازیی بە قۆناغێکی نوێ بۆ کورد دائەنرێت ، بەڵام زۆری پارتەکان کاریگەرییەکی ئەو تۆیان لەسەر دۆزی کورد دروست نەکردووە، هەروەها ئاڕاستەی سیاسیی کوردیش لە ناوچەکەدا، بە تایبەت بەرامبەر بە عێراق و سووریا گۆڕانی بەسەرهاتووە. لە بەرامبەر ئەمەشدا دۆزی کورد بە ئاستێکی خراپ گوزەری کردووە، چونکە ئەو لێکترازان و پەرش وبڵاوییەی لە ناو ماڵی کورد پەیدابوو زیانی بە دۆزەکەیی گەیاندووە، لە هەمانکاتدا کوردیش نەیتوانی سوود لە خراپی پەیوەندیی نێوان عێراق و سووریا وەربگرێت. لە کاتێکدا چالاکی سیاسیی لە رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی قەدەغە کرابوو، بەڵام سووریا بەهۆی ناکۆکی قوڵی لەگەڵ عێراق هاوکاریی و هەماهەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانی کردووە، ئەو هاوکارییە دارایی و سەربازییانە ڕۆلێکی گرنگییان لە هەستانەوەی شۆڕشی نوێ لە باشووری کوردستان بینیوە. لێرەدا جیاوازی لە سیاسەتی سووریا بەرامبەر بە دۆزی کورد بەڕوونی بەدیئەکرێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە وڵاتانی هەرێمی کوردییان وەکو کارتێکی فشار بەرامبەر بە یەکتری و بۆ راستکردنەوەی پارسەنگی خۆیان لە ناوچەکە بەکارهێناوە. ئەو دۆخە تاوەکو ساڵی (١٩٨٠) وەک خۆی مایەوە، بە دروستبوونی گۆڕانکاری لە عێراق و ئێران، دواجار هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی جەزائیریی بە دوا داهات، پەیوەندییە هەرێمیەکانیش گۆڕانکارییان بەسەرهات، بە جۆرێک ناکۆکی سیاسیی عێراق لەگەڵ هەر یەک لە سووریا و ئێران زیاتر قوڵبوویەوە. دەرئەنجامی ئەمەش دۆزی کورد بەرەو قۆناغێکی تر هەنگاوی هاویشت.