هییچگەرایی نیچە بەپێی ڤاتیمۆ
الكلمات المفتاحية:
هییچگەرایی، نیچە، ڤاتیمۆ، هێرمێنۆتیک، پاش تازەگەریی، هزری لاوازالملخص
جانی ڤاتیمۆVattimo Gianni (1936) فەیلەسوف و چالاکوانێکی سیاسیی پاشتازەگەر(پۆستمۆدێرن) و هییچگەرایی ئیتالییە و یەکێکیشە لە کاریگەرترین فەیلەسوفەکانی ئیتالیا و رۆژئاوا لە بواری لێکدانەوەی فەلسەفەی نیچە. هەر ئەویش بوو لە ساڵانی پاش 1970 کانەوە نیچە و هایدیگەری هێنایە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لە ئیتاڵیا. دیالۆگی بەردەوامی ڤاتیمو لەگەڵ نیچە و نەریتی نیچە زۆر لایەنی گرتووەتەوە. ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا سەرنجی ئەخرێتەسەر هییچگەرایی Nihilism نیچەیە. ئەڵبەتە ئەم لایەنەش لقوپۆپی تر ئەخاتە ناو توێژینەوەکەمان سەبارەت بە تێڕوانینی ڤاتیمۆ بۆ هییچگەرایی نیچە، لەوانە گفتوگۆی ڤاتیمۆ سەبارەت بە هێرمێنۆتیک، راستیی، رەوشت. توێژینەوەکە، ئەوەش پیشان ئەدات، کە ئەو نیچەیەی ڤاتیمۆ گفتوگۆی ئەکات پتر لە ڤاتیمۆیەکی ئیتالییەوە نزیکە تا فەلسەفەی فەرەنسیی یان ئەڵمانیی. لێکدانەوەکانی ڤاتیمۆ سەبارەت بە هییچگەرایی نیچە لە هەمان ئەو دەرگا فەلسەفییانە نادات، کە فەیلەسوفە هاوتەمەنەکانی لە رۆژئاوا لێیان داوە. چونکە لە لێکدانەوەکانی ڤاتیمۆ دا نیچە وەک فەیلەسوفێکی شۆرشگێری سیاسیی و کۆمەڵادێت یی خۆی دەرئەخات و هێرمێنۆتیکێکی نوێ لە هەناوی هییچگەرایی نیچە بەناوی هییچگەرایی هێرمێنۆتیکی Hermeneutical Nihilism بەرهەم ئەهێنێت، کە ئەوەش بە باسەکانی تازەگەریی و پاشتازەگەرییەوە گرێدراوەتەوە. بۆ ئەوەی هییچگەرایی بەپێی نیچەکەی ئیتاڵیا راڤە بکەین پێویستمان بەوە ئەبێت چەمکی هزری لاواز راڤە بکەین، کە لای ڤاتیمۆ گرنگیی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی چەمکی هییچگەرایی نیچە لای ڤاتیمۆ لە پێوەندییدایە لەگەڵ چەمکەکانی تری هییچگەراییدا، بۆیە لە توێژینەوەکەدا زۆرتر لەسەر ئەو لایەنە ئەوەستین، کە هییچگەرایی نیچە بەپێی ڤاتیمۆ ئەو هییچگەراییەیە، کە ڤاتیمۆ ئەکات بە نیچەی ئیتالیا. ئەڵبەتە توێژینەوەکە گریمانەی ئەوە ئەکات، کە بەهۆی نیچەوە کێشەی هییچگەرایی لە فەلسەفەی ڤاتیمۆدا گفتوگۆ بکرێت و، ئەمەش وا ئەکات هییچگەرایی نیچە ببێت بە داگیرکەری بۆچوونە فەلسەفییە دژە مێتافیزیکیی و پاشتازەگەرییەکانی ڤاتیمۆ. بۆیە توێژینەوەکە گەیشتووە بە چەند ئەنجامێک، گرنگترینیان، ئەوەیە، کە ئەوەی ڤاتیمۆ ئەیخاتە سەر تێگەیشتنی فەلسەفیی نیچە بۆ هییچگەرایی بابەتی هزری لاوازە، کە لە رێگای ئەوەوە ڤاتیمۆ رەگ و ریشە قووڵەکەی هییچگەرایی لە فەلسەفەدا گفتوگۆ ئەکات و چەمکی هزری لاوازیش وەک شێوازێک لە هێرمێنۆتیکی پیشان ئەدات. هەر لەبەرئەوە ئەپرسین: بناغە میتافیزیکییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن چیین، کە ڤاتیمۆ رەتی ئەکاتەوە؟ زاراوەی پاشتازەگەریی لەناو رێبازی هییچگەرایی هێرمێنۆتیكی ڤاتیمۆ دا چیی ئەگەیەنێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەش لە توێژینەوەکەدا لەسەر سێ تەوەرە ئەوەستین، کە لە هزری ڤاتیمۆ دا سەبارەت بە هییچگەرایی نیچە مانادارە: هێرمێنۆتیک ، پاش تازەگەریی، هزری لاواز.