ستراتیژی میدیای جەنگیی و رێکخستنەوەی ئەرکی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە لە دۆخی جەنگ دا
الكلمات المفتاحية:
میدیای جەنگیی، ئەرکی سەنتەری میدیا، وەزارەتی پێشمەرگە، دۆخی جەنگالملخص
ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە دووبارە رێکخستنەوەی ئەرکی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی جەنگ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان و پۆلێنکردنی هەواڵ و زانیارییەکانی میدیای جەنگیی لەسەر ئاستی (هێزی چەکدار – هاونیشتمانی – رای گشتی هەرێمی و جیهانی)، هەروەک ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بە ستراتیژیکردنی ئەرکەکانی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگەیە، لە چۆنێتی رووماڵکردنی بەرەکانی جەنگ و کۆنترۆڵکردنی شێوازی بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیارییەکان و رێکخستنەوەی ئەرکە میدیاییەکانی لە کاتی جەنگ دا. مشتی توێژینەوەکە پێکهاتووە لە پلانڕێژی ستراتیژی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە. لە چوارچێوەی میتۆدی لێکۆڵینەوەی دۆخی وەسفییە، لە رێی ئامرازی چاوپێکەوتن و تێبینی باسی دۆخی ئەرکە میدیاییەکانی سەنتەری میدیایی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە. توێژەر سێ رێوشوێن وەک ستراتیژ بۆ رێکخستنەوەی دۆخی میدیای جەنگیی لەوەزارەتی پێشمەرگە خستووەتەڕوو، کە بریتین لە: رێوشوێنی میدیایی، یاسایی، سەرچاوەی مرۆیی. توێژەر بەو ئامانجانە گەیشتووە کە سەنتەری میدیا لە وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی شەر و ئاڵۆزییە سەربازییەکان دا رووبەڕووی هێزی پێشمەرگە بووەتەوە کەمترین ئەرکی میدیای جەنگیی جێبەجێکردووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی یاسایی و توانایی مرۆیی پرۆفیشناڵ لە بواری میدیای جەنگیی دا، هەروەها ستراتیژێکی پلان بۆ دارێژراوی نەبووە بۆ دیاریکردنی نەخشە رێگای کارکردنی لە کاتی روودانی شەر و ئاڵۆزییە سەربازییەکان دا و چۆنێتی رووماڵکردنی بەرەکانی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی شێوازی بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیاریی و وێنە، بۆیە توێژینەوەکە راسپاردەکانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەکات لە وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی شێوازی بڵاوبوونەوەی هەڕەمەکی هەواڵ و زانیاریی و وێنەکانی مەیدانی جەنگ و رێکخستنەوەیان پاڵپشت بە رێنمایی یاسایی، هەروەها گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەکانی سەنتەری میدیا بەمەبەستی بەرزکردنەوی ئاستی میدیای جەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش بە دارشتنی ستراتیژێکی تۆکمە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نوێگەرییانەی لە دۆخی ئەرکەکانی میدیای جەنگیی هاتونەئاراوە.