تاوانی جینۆساید، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی و رێگرییکردن لە ئەنجامدانی جینۆسایدی ئەنفال (کوردانی ئێزیدی بە نموونە)
الكلمات المفتاحية:
جینۆساید، کورد، ئێزدی، ئەنفال، نەتەوە یەکگرتووەکان، کوردستان، عێراقالملخص
ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات چەمکی جینۆساید بخاتە روو وەکو یەکێک لە سەختترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی، کە لەلایەن رژێمە ستەمکارەکان و لایەنە توندڕەوەکانەوە بەجێ ئەهێنرێت، بە ئامانجی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەیی، نەژادی، رەگەزیی یاخود ئایینیی. لەم توێژینەوەدا بە تایبەت پرۆسەی بەڕێوەچوونی تاوانی جینۆساید و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی بە پشتبەستن بە تیۆری زانا و پسپۆڕی نێودەوڵەتیی جینۆساید گریگۆری ستانتۆن ئەخرێتەڕوو لەگەڵ نیشاندانی گرنگترین سیاسەت و میکانیزمی جێبەجێکردنی تاوانی جینۆساید لە دژی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە. توێژینەوەکە هەوڵ ئەدات باس لەو هەوڵە نێودەوڵەتیانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانی جینۆساید خراونەتەگەڕ، بەتایبەت لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بکات، هەروەها گرنگترین میکانیزم و رێوشوێنی، کە ئەکرێت پەیڕەویی بکرێن بۆ ڕێگرییکردن لە روودانی یاخود دووبارەبوونەوەی تاوانی جینۆساید لەپاڵ بابەتی مەترسییەکانی سەر ژیان و گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی بۆ شەنگال و دەوروبەری ئەخرێتەڕوو. ئەم توێژینەوەیە دیراسەی دوو نموونەی جینۆسایدی گەلی کورد ئەکات ، ئەوانیش جینۆسایدی ئەنفال دژ بە گەلی کورد لە ساڵی ١٩٨٨ لە کوردستانی عێراق لەسەر دەستی ڕژیمی بەعس و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق سووریا کران.