ئارگیومێنتی پرسیاریی لە گوتاری سیاسیی سەرۆکی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) دا
الكلمات المفتاحية:
ئارگیومێنت، پرسیاری ئارگیومێنتیی، گوتاری سیاسییی، جوڵانەوەی نەوەی نوێالملخص
ئەم توێژینەوەیە، پرسیاری ئارگیومێنتی لە بواری ئەرگیومێنتسازییدا ئەکات بە ئامانج، کە ئاخێوەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی بەکاری ئەهێنێت، گوتاری سیاسییش، پشت بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک میکانیزمی ئارگیومێنتیی، لە ناویشیاندا میکانیزمی پرسیاری ئارگیومێنتیی ئەبەستێت، کە بە ئامانجی رازییکردنی وەرگر بەکاردێت، بەتایبەت لەو گوتارە سیاسیییانەی لە راگەیاندنەکانەوە و بە شێوەی زارەکیی ئاراستە ئەکرێن. هەروەک ئەشزانرێت زمانی دەربڕین تەنیا بۆ چێژبەخشین بەکارنایەت، بەڵکو ئەشێت بۆ کاریگەریی درووستکردن و رازییکردن پەنایان بۆ ببرێت. پرسیاریش بە یەكێک لە دیارترین ئەو شێوازە زمانییانە دائەنرێت. لەم توێژینەوەیدا، پشت بە تیۆری شیکردنەوەی گوتار بەستراوە و ئاماژە بەو شێوازی پرسیارانە ئەدات کە بە مەبەستی ئارگیومێنتیی لەلایەن نێرەری گوتارەوە بەکار ئەهێنرێن، چونکە پرسیار هۆکاری بزواندنی بیری مرۆڤە، ئەگەر قسەکردن وروژاندنی پرسیار بێت، یان پرسیار بخوازێت، پێویستە لەو گفتوگۆیەدا ئارگیومێنت بێتە کایەوە، پرسیاری ئارگیومێنتییش پرسیارێک نییە تەنیا رۆڵی پرسیاری رێزمانیی بگێڕێت، بەڵکو وەک میکانیزمێکی ئارگیومێنتیی ئەچێتە ناو قسەکردنەوە. پرسیاری ئارگیومێنتیی، بەهۆی سرووشتی رازییکەرانەیەوە ئەتوانێت کاریگەریی لەسەر وەرگر هەبێت. ئەم تویژینەوەیە ئەو پرسیارانە دیاری ئەکات کە لە گوتاری سیاسییی زارەکیی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دا رۆڵی ئارگیومێنتی ئەبینن. گوتاری بە نموونە وەرگیراو لە چوارچێوەی دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاراستەکراوە، گوتارەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (٢٠٢١)دا وەرگیراوە، هەڵبژاردن وەک سەرنجڕاکێشترین بابەت بۆ شیکردنەوە دیاریکراوە و دیدارە تەلەڤزیۆنییەکانیش هەڵگری پەیامە کاریگەرەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنن.