(ڕۆڵى ئەمریکا لە بونیادنان و پەرەپێدانى پرۆژە ئەتۆمییەکانى ئێران) (1957-1979)
الملخص
لە سەدەى بیستدا ئەتۆم بوە سیمبولى هێز و پیشکەوتنى تەکنەلۆژیى وڵاتانى جیهان، ئێرانیش وەک یەکێک لە وڵاتە گەورە و کاریگەرەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە قۆناغى دەسەڵاتى (محمد رەزا شاى پەهلەوی1941_1979)دا، ئێران زۆرترین هەوڵى خۆى بۆ بەدەستهێنانى تەکنەلۆژیاى ئەتۆم خستەگەڕ. لەو چوارچێوەیەشدا، ئێران لە پێش (1957)وە هەوڵەکانى خۆى بۆ بەدەستهێنانى ئەم تەکنەلۆژیایە چڕ کردەوە، لە کۆتایی دەیەى پەنجاکاندا، بناغەى تەکنەلۆژیاى ئەتۆمیى لە وڵاتەکەیدا دانا، لە دەیەى شەستەکاندا توانى بیگەیەنێتە ئاستێکى باش و دواتر لە دەیەى هەفتاکاندا پەرەسەندنى بەرچاوى بەخۆوە بینى.لە چوارچێوەى ئەم توێژینەوەیەشدا، ئەوە خراوەتە ڕوو، کە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چ ڕۆڵێکى لە بونیادنان و پێشخستنى تەکنەلۆژیاى ئەتۆم لە ئێراندا هەبوو؟، هەروەها بۆچى ئێران زۆرترین هەوڵى خۆى بۆ بەدەستهێنانى ئەم تەکنەلۆژیایە خستبووە گەڕ و بودجەیەکى زۆرى بۆ تەرخان کردبوو؟، لە قۆناغى کۆتایی دەیەى هەفتاکانیشدا هۆکارى چى بوو ئەمریکا کۆتایی بە ڕۆڵى خۆى لە پرۆژە ئەتۆمییەکانى ئێران هێنا؟ لێرەدا کۆى هاوکارى و پاڵپشتییەکانى ئەمریکا بۆ ئێران پاشان وەستاندنیان قۆناغ بە قۆناغ ڕوون دەکرێنەوە . لە هەمان کاتدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانى ئەتۆم لە سەر کایەکانى وەک ئابورى و وزە و پیشەسازى لە ئێران دەکرێت، لەم تویژینەوەیەدا، پشتمان بە میتۆدى زانستیى میژوو و میتۆدى وەسفیى_شیکارى بەستووە، لە سەر بنەماى ئەم میتۆدانەش پەرەسەندن و گەشەپێدانى میژووى تەکنەلۆژیاى ئەتۆمیى ئێرانمان بە شێوەیەکى زانستیى لە چوارچیوەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى ئێراندا ڕوونکردۆتەوە و وەسفی پەرەسەندنەکانى ئەم تەکنەلۆژیایەشمان بە پێى قۆناغە جیاوازەکانى مێژووى هاوچەرخى ئێران کردووە، هەروەها شیکاریمان بۆ کۆى ئەم قۆناغانەى ئێران لە بوارى گەشەى ئەتۆمیدا کردووە. لە ئەنجامیشدا کاریگەرییەکانى شۆڕشى گەلانى ئێران (1979) لە سەر تەکنەلۆژیاى ئەتۆم لە ئێران و وەستاندنى کۆى هاوکارى و پاڵپشتییەکانى ئەمریکا بۆ پرۆژە ئەتۆمییەکانى ئێران ڕوونکراونەتەوە.