ئاخۆ هونەری کوردیی دەتوانێ چیمان لەبارەی ئەنفالەوە پێ بڵێ؟

Authors

  • نەبەز صمد احمد بەشی شێوەکاریی، کۆلێژی هونەرەجوانەکان، زانکۆی سلێمانی. Author

Keywords:

یادەوەریی, سەردەمی تاریکیی, هونەر و جینۆساید, ئەنفال

Abstract

ئامانجی کرۆکی جینۆساید، قڕکردن و لەناوبردنی تەواوەتیی گروپێکی دیارییکراوە، هەتاکو هییچ کەسێک نەبێت چیرۆکی مەرگ و لەناوبردنیان بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی بەتەواویی ناو و یادەوەرییان لەسەر زەوی بسڕڕێتەوە. بەڵام یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی یادکردنەوە و بەزیندوویی هێشتنەوەی قوربانییەکان؛ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیانە لە رێگەی هونەرەوە. ئەگەر لە سەردەمەکانی تردا، هونەر جوانی بئافرێنێ و چێژ بە مرۆڤ ببەخشێت، ئایا لە سەردەمی تاریکییدا واتا لە سەردەمی کۆڕەو، بێماڵیی، جەنگ و جینۆسایددا چ رۆڵ و کاراییەکی هەیە؟ هونەر دەتوانێت چیی بکات، کاتێک ترسناکیی جەنگ و جینۆساید دێنە گۆ؟ ئاخۆ هونەری کوردیی دەتوانێ چیی لەبارەی ئەنفالەوە بڵێ؟ ئاخۆ هونەری کوردیی توانیویەتی یادەوەرییەکی نەتەوەیی و کۆیەکیی (collective memory) بۆ ئەنفال دروستبکات؟ ئامانجی ئەم توێژینەوەیە دەرخستنی رۆڵی هونەرە لە سەردەمی تاریکیی جەنگ و جینۆسایددا و، رۆڵی هونەری کوردیی لە گێڕانەوەی یادەوەریی ئەنفال. لەم توێژینەوەیەدا، مشتومڕی ئەوە دەکەم کە لە لایەکەوە، هونەر دەتوانێ یادەوەریی لەبیرکراو بێداربکاتەوە و یادەوەری کۆیەکیی دروستبکات. چونکە هونەر لە سەردەمی تاریکییدا دەتوانێ جینۆساید، ئەرشیف دۆکیومێنت و تۆماربکات. لەم رێگەیەوە راستیی ئەو سەردەمە دەربخات و رەخنەی لێبگرێت. کەواتە هونەر دەتوانێت بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆبگرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی واز لە هونەربوونی خۆی بهێنێت. لە لایەکی دیکەوە، هونەرمەندانی کورد لە رێگەی ئیشە هونەرییەکانیانەوە یادی قوربانییانی ئەنفال دەکەنەوە، چیرۆکەکانیان دەگێڕێنەوە، ژیانیان دەکەن بە دۆکۆمێنت، ئەزموونەکانیان هەنووکەیی دەکەنەوە، گەشتە بێکۆتایی و نەگەڕانەوە هەتاهەتایییەکەیان بە ڕەنگ و هێڵکاریی دەنەخشێنن. یادەوەریی و ئەزموونی کەسەکیی خۆیان و یادەوەری دەربازبووانی ئەنفال دەگێڕێنەوە، بۆ ئەوەی لە یادەوەرییەکی خێزانیی و کەسەکییەوە یادەوەرییەکی کۆیەکیی  بهێننەئاراوە. ئەم توێژینەوەیە دابەشکراوە بۆ دوو بەش: یەکەم، پەیوەندی نێوان جینۆساید، هونەر و یادەوەریی. دووەم، ئەنفال لەنێو هونەری کوردییدا. ئەم توێژینەوەیە میتۆدی شیکاریی ڕەخنەیی (critical analysis) بەکاردەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندی نێوان جینۆساید، هونەر و یادەوەری و ئەنفال لەنێو هونەری کوردیدا. ئیشەکانی دوو هونەرمەندی کورد عوسمان ئەحمەد و رێبوار سەعید وەک نموونە وەردەگرێت بۆ شیکاری کاریگەریی ئەنفال لەسەر هونەری کوردیی. چونکە ئەم دوو هونەرمەندە پتر کاریان لەسەر ئەنفال و جینۆسایدی کورد کردووە. 

Published

2025-04-10

How to Cite

ئاخۆ هونەری کوردیی دەتوانێ چیمان لەبارەی ئەنفالەوە پێ بڵێ؟. (2025). Journal of Kurdistani for Strategic Studies, 3(3). https://kissrjour.org/index.php/jkss/article/view/428