نەخشی قۆناغی ئەنفالی یەك لە رۆژنامە و بەڵگەنامە فەرمییەكانی حكومەتی عێراق دا
الكلمات المفتاحية:
ئەنفال، قۆناغی ئەنفالی یەك، جینۆساید، بەڵگەنامەکان، مۆنۆمێنتی ئەنفال، حوکومەتی عێراقییالملخص
بابەتی ئەنفال بەشێوەیەكی گشتیی، بابەتێكی گرنگ و چارەنوسسازە و پێویستیی بە چەندان دەستگا و دامەزراوەی فەرمیی و زانستیی و ئەكادیمیایی هەیە كاری لەسەر بكات و لایەنە جیاوازەكانی تاوتوێ بكات. ئەمەش، بە ئامانجی ناساندنی پرۆسەكە بە تاوانی جینۆساید و دەرخستنی ستەملێکراویی میللەتی كورد هەتا ئەو ئاستەی کە رای گشتیی نێودەوڵەتیی دەخرێنەسەر ئەو باوەڕ و رێچكەیەی هاوشێوەی گەلی جوولەكە بەرگریی لە ستەمدیدەیی گەلی كوردیش بكەن و، تەواوی مافە نەتەوەییەكانی بۆ بسەلمێنن و بەرگریی لێبكەن. هەر ئەم گرنگییەش کە ناوەڕۆكی ئەم توێژینەوەیە بۆ قسەكردن لەسەر ئەنفال تەرخانبكرێـت. ئەوەی جێگەی سەرنجە بابەتی ئەنفال هەتا ئێستا وەكو پێویست نەبووە بەبابەتی توێژینەوەی پسپۆڕانی زانستیی و مامۆستایانی ئەكادیمیایی و زانكۆكانی كوردستان، چونکە بابەتی ئەنفال وەک توێژینەوە كەمترین سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ساغبووەوەی بەردەستدەكەوێت و، توێژەران ناچاردەبن کە بگەرێتەوە بۆ ئەو بابەت و پەڕتووكانەی لەلایەن نووسەرانی بواری ئەنفال و جینۆسایدەوە نوسراون. لێرەدا، بەهیچ شێوەیەك مەبەست لە كەمكردنەوەی بایەخی هەوڵی ئەو نووسەرانە نییە، بەقەد ئەوەی کەمبایەخیی و خەمساردیی كەسانی ایی و زانكۆكانی كوردستانە لەپای پشتگوێخستنی ئەم دۆسێ گرنگە، كە وایکردووە بەشێكی زۆری لایەن و بوارەكانی ئەم دۆسێیە بە شاراوەیی و دوور لە وردەكاریی بمێنێتەوە. لەم سۆنگەیەوە لەم توێژیینەوەیەدا، ، كە ئەویش قۆناغی یەكی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال دەستنیشانكراوە كە یەكێكە لە قۆناغە ترسناكەکانی پرۆسەی ئەنفال. ئەم توێژینەوەیە بەپێی رێبازی مێژوویی وەسفیی و شیكاریی ئامادەكراوە و نووسراوەتەوە. سنوور و كەرەستەی بەكارهاتوو لە چوارچێوەی پشتبەستن بە بەڵگە و دۆكۆمێنتی فەرمیی كاری تێدا كراوە و، بە فەرمییش كار لەسەر بەڵگەنامە و رۆژنامە فەرمییەكانی خودی حوكومەتی عێراقیی كراوە وەكو لایەنی جێبەجێکاری تاوانی ئەنفال. ئەمەش هەتا رۆژنامە و بەڵگەنامەكانی خودی حوكومەتی عێراقیی بكرێن بە شاهید بەسەر ئەو حوكومەتەوە و بواری ئەوە نەهێڵرێتەوە حاشا لە پرۆسەكە و گەورەیی تاوانەكە بكرێت. كاركردن لە توێژینەوەیەک دربارەی قۆناغی ئەنفالی یەك، گەیشتن بە راستییە مێژووییەكانی ئەم پرۆسەیە كارێكی هەروا ئاسان و بێ كێشە و ئاستەنگ نیە، ئەویش بە حوكمی ئەوەی بەشێكی زۆری بەڵگەنامە فەرمییەكانی حوكومەتی عێراقی بەردەست نین و فەوتاون، ئەو بەڵگانەش لەدەستی فەوتان رزگاریانبووە، و دیارە هەتا ئێستا لە كوردستاندا نەبوونی ناوەندێكی بەڵگەنامەیی ئەوتۆ بۆ پاراستنی ئەو بەڵگانە و كۆکردنەوەیان بەشێوازێكی زانستیی و، بەردەستکردنێک نییە بۆ توێژەران. ئاستەنگی دەستخستنی رۆژنامە فەرمییەكانی حوكومەتی عێراقیی هیچی كەمتر نیە لە ئاستەنگەكانی بەردەم دەستخستنی بەڵگەنامەكان. هیچ كتێبخانەیەكی ناوەندیی و گشتیی لە كوردستان نادۆزیتەوە تەواوی ئەو رۆژنامەو گۆڤارە فەرمییانەی پارێزگاری لێ كردبێت. مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ وەها دادەەنرێت، کە ناوەندێكە تایبەتە بەکارکردن لەسەر كەیسی ئەنفال دەكات، تەنانەت لەوێش ژمارەكانی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە بوونیان نیە و بەردەست نین. هەموو ئەمانە كۆمەڵێك گرفت وئاستەنگ بوون و، تێپەڕاندنیان هەوڵ و ماندووبوونی زۆریان پێویست بووە.