هەڵوێستی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرامبەر وێرانكردنی گوندەكانی قەزای كۆیە لە ساڵی 1987 دا
الملخص
ئەم توێژینەوەیە، هەوڵیداوە لەگەڵ خستنەڕووی پوختەیەکی مێژووی پڕۆسەی وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان، هەڵوێستی پێشمەرگەش لە بەرامبەر ئەم پڕۆسەیە بخاتەڕوو، ئەمەش لە سۆنگەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی حوکومەتی عێراقیی و، پاشان بەراوردیانکردووە لەگەڵ هەندێک لەو سەرچاوانەی کە هاوسەردەمی رووداوەکە بوون. ئەو بەڵگەنامانە زۆربەیان دوای راپەڕین و بەشێکیان لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، ساڵی ٢٠٠٣ کەوتوونەتە بەردەستی ئەو کەسانەی کەلای خۆیان ئەرشیفیانکردوون، بەڵام کێشەکە لەوەدابوو، لێکۆڵینەوەی ورد لە هەندێک لە بەڵگەنامەکان، پێویستی بە قەبارەی کاری فراوانتر هەبوو، ئەمە لە چوارچێوەی توێژینەوەیەک، کە قەبارەکەی دیاریکراوە، کارکردنی ئاستەم بوو، بۆیە ئەمە خرایە چوارچێوەی پرۆژەی ترەوە. گرنگیی و بایەخی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانییارییانەی لە نێو بەڵگەنامەکان دایە، چونکە مەبەستەکەی هەواڵگری بووە، کەدەبوو زانییارییەکان بە راست و درووستیی بگاتە شوێنی خۆی، بەڵام کەمیی نییە لە هەڵەی ژمارە و چۆنیەتی خستنەڕووی رووداوەکە هیچ گومانێک لەو بەڵگەنامانە نەبەین، رەنگە زانیاریی هەڵەی تێدابێت، بۆیە گرنگە کە بخرێنە ژێر نەشتەری کاری لێکۆڵینەوەوە. خاڵێکی تریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەڵگەنامەکان بە زمانی حکوومەتی عێراقییەوە دەڵێن، کە بەرهەڵستی پێشمەرگە لە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئاستەنگی چەند گەورەی دروستکردووە. بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەکە دابەشکراوە بەسەر دەروازەیەک و دوو تەوەردا؛ لە دەروازەدا، كورتەیەك لەبارەی پڕۆسەی راگواستن و وێرانكردنی گوندەكانی قەزای كۆیە لە ساڵی 1987 دا، باسکراوە. لە تەوەری یەکەمدا، تیشکخراوەتە سەر رێكخستنە سیاسی و چەکدارییەکانی هێزی پێشمەرگە لە قەزای كۆیە. لە باسێکی تردا، تیشکخراوەتە سەر چالاكیی چەکداریی هێزەكانی پێشمەرگە دژ بە سوپا و جاشی حوكومەت بۆ وێرانكردنی گوندەكان. تەوەری دووەم، هەڵوێست و چالاکییە سەربازییەکانی پێشمەرگە باسدەکات لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆسەی وێرانکردنی گوندەکانی قەزای کۆیە لە نیسان تا ئەیلوولی ١٩٨.میتۆدی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەکە بەڵگەنامەییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هەندێک لەو سەرچاوانەی کە باسیان لە رووداوەکان کردووە، بەراوردکراوە. لە خستنەڕووی بەڵگەنامەکاندا، رەچاوی ریزبەندیی کرۆنۆلۆژیی کراوە، ناونیشانی لێکۆڵینەوەکانیش بە پێی کەرەستەی بەردەست کە بەڵگەنامەکانن دانراون و لێیان کۆڵراوەتەوە.