بەكارهێنانی تویتەر بۆ كۆمیونیكەیشنی رامیاريی لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە
الكلمات المفتاحية:
تویتەر، كۆمیونیكەیشنى رامیاریی، كۆمێنت، هاشتاگ، فۆڵۆوەر، تويتالملخص
تویتەر وەكو مایكرۆبلۆگێك، لە ئێستادا بووە بە كەناڵێك بۆ كۆمیونیكەیشنی رامیاریی، بەجۆرێك بووە بە سەكۆیەكی ئۆنلاین بۆ دیبەیتی سیاسیی و مشتومڕ لەبارەی كایەی سیاسی و دەربڕینی پشتیوانیی یان نەیاریی بۆ ئەم گروپ یان ئەو پارت. بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان هاوشێوەی سیاسەتمەداران لەسەرانسەری جیهان، خزمەتگوزاریی تویتەر بەكاردەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی كاردانەوە و چالاكییەكانیان بەهەر سێ زمانی كوردیی، عەرەبیی و ئینگلیزیی. لەم توێژینەوەیەدا میتۆدی روپێويی بەكارهێنراوە بۆ تویتەكانی بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو مانگ، بەئامانجی زانینی ئەو ستراتیژەی بەرپرسان هەیانە لە بەكارهێنانی تویتەردا. لە گرنگترین دەرئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئەوەیە: كەمترین كارلێك هەبووە لەنێوان بەكارهێنەرانی تویتەر و بەرپرسەكاندا. سەرەڕای كۆمێنتی زۆری فۆڵۆوەران و بە بەردەوام ریپلەیكردن بۆ تویتەكان، بەڵام تویتەر تەنیا كەناڵێك بووە بۆ گەیاندنی پەیام و هەواڵی بەرپرسەكان بە یەك ئاراستە، هیچ وەڵامێكی كۆمێنتەكانی فۆڵوەران نەدراوەتەوە. بەمانایەكی تر، هیچ جۆرە كارلێكێك (Interactivity) درووستنەبووە بەڵكو ئاڕاستەی پەیامەكان لە نێرەرەوە بووە بۆ وەرگر و لەو نێوانەدا هیچ كارلێكێك و هیچ دیبەتێك درووستنەبووە. هەروەكو بەرپرسەكان لە هیچ بارێكدا پەنایان نەبردووە بۆ بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی هاشتاگ (#)، كە خزمەتگوزارییەكە و لە لایەن تویتەرەوە بۆ بەكارهێنەران رەخسێنراوە بە ئامانجی كەمپینكردن بۆ هەر بابەت و دۆزێك كە بیانەوێت و، لەو رێیەشەوە فۆڵۆوەران دەتوانن تێچین بدەن لەسەر بابەتەكە و، لە تویتێك یان چەند تویتێكدا رای خۆیان بخەنەڕوو بەپشتیوانییكردن یان رەتكردنەوە. خاڵێكی تری جێی سەرنج ئەوەیە، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بەرپرسان لەڕێی تویتەرەوە بڵاویانكردوەتەوە، تێكەڵەیەكە لە تێكست و وێنە و ڤیدیۆ و لە هەندێك باریشدا بە حوكمی سنورداریی پەیامەكانی تویتەر، شۆرتنلینك دانراوە بۆ پەیامەكان و درێژەكەی لە سۆشیالڵمیدیای تری بە نموونە وەكو فەیسبووك و یوتیووب بڵاوكراوەتەوە.