پاڵنەر و لێكەوتەكانی بەكارهێنانی ناوی خوازراو لە فەیسبووك
Keywords:
پاڵنەر, لێکەوتە, ناوی خوازراو, فەیسبووک, خوێندکارAbstract
ئەم توێژینەوەیە، توژینەوەیەکی وەسفییە و بە رێکاری راپێویی لە دیاردەیەكی بەربڵاوی نێو جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەكۆڵێتەوە، كە بەكارهێنانی ناوی خوازراوە. ئامانجیشی ئاشكراكردنی پاڵنەر و لێكەوتەكانی ئەم دیاردەیەیە لەسەر خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان. توێژەر بۆ كۆكردنەوەی داتاكان، پشتی بە گووگڵ فۆرم بەستووە، کە ماوەی (48) كاتژمێر بەردەست بووە بۆ مشتەیەكی هەڕەمەكیی خوێندکاران لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان. لەو ماوەیەدا (699) بەرتوێژ وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە. دوای كۆكردنەوە و شیكاریی داتاكان، توێژەر بە كۆمەڵێك ئەنجام گەیشتووە، لەوانە: فەیسبووک سەکۆیەکی کاریگەرە بۆ خوێندکاران کە بەهۆیەوە دەتوانن بەهەر جۆرێک بیانەوێت خۆیانی تێدا نمایش بکەن. پەنابردن بۆ ناوی خوازراو، ئەو گریمانەیەی (هۆفمان) دەسەلمێنیت کە تاکەکان خوازیارن لەپشتی پەردەوە چالاکیی و کەسایەتیی خۆیان بنوێنن. هەروەها ئەوانەی ناوی خوازراو بەكاردەهێنن (١٣,٣٠٪)ی كۆی بەرتوێژەكانن و زۆربەیان تەنها ناوەكەیان خوازراوە، بەڵام وێنە و زانیاریی پرۆفایلەكانیان ڕاستەقینەیە. هیچكام لە بەرتوێژەكانیش ناوە خوازراوەكەیان گوزارشت لە بیروڕای سیاسییان ناكات، كەمترینیشیان بە رێژەی (٥,٣٧٪) هەڵگری واتایەكی ئاینییە. پاڵنەرەكانی بەكارهێنانی ناوی خوازراو لای خویندکارانی کورد هەمەجۆرو جیاوازن، زۆربەیان بە رێژەی (٣٥,٤٨٪) بەپێویستی نازانن ناوی راستەقینەی خۆیان دابنێن. جگە لەوە، سەرباری بەربڵاویی دیاردەی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، رێژەیەكی كەمی خوێندكاران (٧,٥٢٪) پشت بە ناوی خوازراو دەبەستن بۆ مەبەستە نەرێنییەكانی وەك گاڵتەپێكردن یان لەكەداركردنی ناوی كەسایەتی و ناوداران لەڕێی دانانی ناوی ئەوان بۆ ئەكاونتەكانیان. سەبارەت بە دیارترین لێکەوتەکانیش، ناوی خوازراو بووەتە جێگرەوەی ناوی راستەقینەی (٣٧,٦٣٪)ی بەرتوێژان، لەکاتێکدا (٣٤,٤٠٪)یان بەهۆی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ناوانەوە لە هاوڕێ راستەقینەکانی خۆیان ونبوون.