بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ - ٢٠٢٠)
Keywords:
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان, ئاسایش, عێراق و تورکیا, بەرژەوەندی و هێز.Abstract
پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئەوە بونیادنراوە ئایا ئەم فاکتەرانە چین کەلەماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٤-٢٠٢٠) زەمینە سازییان کردووە لەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەشێوەیەکی خێراو بەردەوام گۆرانکاری بەسەردابێت، هەروەها ئەم گۆرانکارییانە تاچەند پەیوەندیدارە بەو پێشهاتە سیاسی و ئەمنیانە کەلەم ساڵانەی دوای دا لە ناوچەکەدا گوزەریانکردووە. دانانی عێراق بەسەرچاوەیەکی هەرەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، بووەتە فاکتەرێکی کاریگەرو بنەرەتی لەسەر هەڵدانی کۆمەڵێک کێشەو گرفت لە نێوان هەردوو وڵات. هەربۆیە گریمانەی توێژینەوەکە لەسەر ئەم ئارگومێنتە دارێژراوە. لە پێناو سەلماندنی گریمانەی توێژینەوەکە سەبارەت بە پرسیارە سەرەکییەکە، لەم توێژینەوەیەدا میتۆدی شیکاری و وەسفی بەکارهێنراوە، هەروەها پەنا بردراوەتە بەر رەگەزەکانی تیۆری نیوریالیزم بۆ دەرخستنی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق وتورکیا لەماوەی دیاریکراودا. بەشێوەیەکی گشتی کێشەو گرفتەکانی ئەم دواییەی نێوان عێراق و تورکیا دەکرێت بەسەر س گروپدا پۆلینی بکەین کە ئەوانیس بریتین لە؛ یەکەمیان کێشەی ئاسایش کە ئەمەش بەشێکی گرنگی پەیوەندیدارە بە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە نێو خاکی عێراق و ناسەقامگیرییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەگشتی و نێوخۆی عێراق بە دیاریکراوی. دووەمیان خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە.سێیەمینیان دژ بەیەکبوونی سیاسەت و هەڵوێستی هەردوو وڵات سەبارەت بە پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە بە تایبەتی لە هەمبەر پرۆسەی بەهاری عەرەبی.. ئەمەش بەشێکە لەو دەرئەنجامانە لە توێژینەوەکە پێی گەیشتووین.