دابەشبوونی جوگرافیایی پۆندە حوکومییەکانی پاریزگای سلێمانیی و وەبەرهێنانی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ
Keywords:
پۆنداو(بەربەستی خاکیی), کشتوکاڵ, توانای وەبەرهێنان, بەروبوومی هاوینە, بەروبوومی زستانەAbstract
مەبەست لەم توێژینەوەیە ئاشنابوونە بە دابەشبوونی جوگرافیایی و توانای وەبەرهێنانی ئاوی پۆندە حوکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە مەبەستی گەشەپێدانی کشتوکاڵ، وەک پۆندەکانی گورگەی فەتاح، کانی سارد، تەکیەی جەباریی، ژاڵەی مەملەحە، چەمی قەڵا، سۆتکە، ئەلیاوە، دەرەگورگان، قەمەرتلیی، کە توانای گەنجینەکردنی بڕی 1،285،000م٣ ئاویان هەیە. سەرباری بوونی رووبەریكی فراوان لە زەوی کشتوکاڵیی و گونجاوی دابارین و بوونی رووبار لە پارێزگاکەدا، بەڵام زۆربەری ئەو زەوییانە بەبێ چاندن ئەمێننەوە بەهۆی رێکنەخستنی سەرچاوەکانی ئاو و نەبوونی بەنداو و پۆندی پێویست لە ناوچەکەدا بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ ئاودێریکردنی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکان. لەم توێژینەوەدا پشت بەستراوە بە هەر دوو میتۆدی وەسفیی و تاقیکاری بۆ شیکردنەوەی داتاکان. ئەنجامی توێژینەوەکە روونی کردەوە کە توانای گلدانەوەی ئەو پۆنداوانە سنووردارە بەراورد بە پێداویستییە ئاوییەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای سلێمانی (١،٨٣٣،٨٣٢)دۆنم ، بڕی ئاوی پێویست بۆ چاندن کە مەزندە ئەکرێت بە نزیکەی (٣،٢٠٩،٢٠٦،٠٠٠)ملیار/ م٣ لەسەر بنەمای لایەنی کەمی پێداویستی وەرزی هاوین ٧٠٠ملم ئاو. ، بەڵام وەک سەرەتایەک بە وەرچەرخانێکی گرنگ هەژمار ئەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵیی و برەودان بە درووستکردنی بەنداو و گۆماوی (پۆند) زیاتر و گەورەتر بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی. ئەم پۆنداوانە ئەتوانن ئاودێری 734دۆنم بەروبوومی هاوینە، 5140 دۆنم بەروبوومی زستانە لە ژێر سایەی یەک ئاودێریی تەواوکاریی (تکمیلی)، هەروەها 10280دۆنم ئاودێریی بکەن لە ژێر سایەی دوو ئاودێریی تەواوکاریی بە بڕی 50 ملم ئاو بۆ هەر ئاودێرییەک. ئەگەر داهاتی ئاوی ئەو پۆنداوانە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵداریی بەکار بهێنرێت پێداویستی ئاوی ساڵانەی 642500 سەر مەڕ دابین ئەکات، یان 514000 سەر بزن، یان 160625 سەر رەشەوڵاخ. جگە لەوەش ئەنجامی توێژینەوەکە روونیکردەوە کە درووستکردنی پۆند کارێکی زۆر گرنگە و پێویستە لە ئایندەدا ژمارەیان زیاد بکرێت و توانای گەنجینەکردنی پێداویستییە ئاوییەکانی ناوچەکە بەرجەستە بکات، هەروەها رەچاوی درووستکردنی پۆندی گەورەتر بکرێت، کە توانای گەنجینەی ئاوی زیاتر بێت.