ساغكردنەوەى ناسنامەى پەیوەندییە گشتییەکان لە هەرێمى کوردستان دا
Keywords:
پەیوەندییە گشتییەکان, راگەیاندن, کارگێڕیی و بەرێوەبردن, کۆمیونیکەیشنAbstract
پرسى سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە زانینى تێڕوانینى پسپۆرانی پەیوەندییە گشتییەکان لە بارەى ناسنامە یاخود چوارچێوەى بوارەکەیانەوە، چونکە پەیوەندییە گشتییەکان بەهۆى نزیکیی لەگەڵ بوارەکانى رۆژنامەوانیی، کارگێڕیی و بەرێوەبردن، وەکو لقێک لە زانستى کۆمیونیکەیشن، هێشتا جێگەى مشتومڕە کە ئایا ئەم بوارە لەناو بازنەى کارگێڕیی و بەرێوەبردن یاخود رۆژنامەوانییدایە و یاخود بوارێکی سەربەخۆیە، ئەوەش سەرەراى ئەوەى کە پەیوەندییە گشتییەکان بابەتێکى کارگێڕییە، بەڵام شانبەشانی رۆژنامەوانیی پەرەیسەندووە و تێکەڵ بە یەکتر بوون، چونکە پەیوەندییە گشتییەکان لە هەناوى رۆژنامەوانییەوە پەرەیسەندووە، لەگەڵ ئەوانەشدا تێڕوانینى دیکە لەبارەى بوارەکەوە ئەوەیە کە بوارێکى سەربەخۆیە. هەموو ئەوانەش ناروونیییەکیان لە دەورى بواری پەیوەندییە گشتییەکان درووستکردووە. کێشەى سەرەکى توێژینەوەکە لێکۆڵینەوەیە لە چەند پرسیارێک، لەوانەش؛ ئایا پەیوەندییە گشتییەکان سەر بە کامە بوارە، بوارێکى (کارگێڕیی و بەرێوەبردن یان رۆژنامەوانی یاخود بوارێکى سەربەخۆیە لەناو زانستى کۆمیونیکەیشندا)، توێژینەوەکە ئامانجى ئەوەیە کە لە رێگەى وردبوونەوە لە پێناسەکانى پەیوەندییە گشتییەکان و هەروەها وردبوونەوە لە پەیوەندیی بە زانستەکانى ترەوە؛ کۆمەڵێک پرسیار دابرێژێت و ئاراستەى پسپۆرانى (پەیوەندییە گشتییەکان)ى بکات، تاوەکو لە رووانگەى تیۆری و پراکتیکى توێژینەوەکەوە بگەین بە وەڵامێکى پێویست و بازنەى بوارى پەیوەندییە گشتییەکان و تێڕوانینێکى وردى زانستییانە لەبارەى ئەم بوارەوە دەستنیشان بکەین. میتۆدى توێژینەوەکە وەسفییە و کۆمەڵگەى توێژینەوەکە بریتییە لە پسپۆرانى بوارى پەیوەندییە گشتییەکان لە هەرێمى کوردستان، هەروەها سامپڵى توێژینەوەکە لە جۆرى گەمارۆدانى گشتگیر (حصر شامل)ە، ئامرازى فۆرمى راپرسیی بەکاربراوە. لە گرنگترین ئەنجامەکانى توێژینەوەکە: پەیوەندییە گشتییەکان بوارێکى کارگێڕیی و بەرێوەبردنە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمى کوردستاندا بوارێکە ناروونیی دەوری داوە، هەروەها تازەیى لە بواری خوێندن و پراکتیزەکردنی و بەرفراوانى ئەرکەکانى پەیوەندییە گشتییەکان سەرەکییترین هۆکارن بۆ ئەو ناروونیییە و تێکەڵبوونی لەگەڵ بوارەکانى تردا. لەم توێژینەوەیەدا ئەوە دەرکەوتووە کە پەیوەندییە گشتییەکان بابەتێکى جێگە مشتومڕە و ناروونییی دەوری تەنیوە، بۆیە توێژەران ئەم توێژینەوەیەیان ئەنجامداوە تاوەکو بتوانرێت چوارچێوەی بواری پەیوەندییە گشتییەکان روون ببێتەوە.