دابەشبوونی خزمەتگوزاریی فێركاریی خوێندنگە بنەڕەتییەكانی قۆناغی(7-9) لە شاری كەلار
Keywords:
خزمەتگوزاریی فێركاریی, شێوازی دابەشبوون, قۆناغی بنەڕەتیی(7-9), شاری كەلارAbstract
توێژینەوە لە دابەشبوونی شوێنیی بۆ خزمەتگوزارییە فێركارییەكان یەكێكە لەو بابەتە گرنگانەی كە ئەمڕۆ لەلایەن توێژەرانەوە گرنگیی و بایەخی زۆری پێ دەدرێت، كە مەبەست لێی دۆزینەوەی شێوازی دابەشبوونە لەسەر ئاستی گەڕەكەكانی شارێك و رادەی سوودوەرگرتنی دانیشتوانە لەو خزمەتگوزارییە. لە سۆنگەی گرنگیی ئەم بابەتەوە هەوڵدراوە لەم توێژینەوەدا، كار لەسەر دابەشبوون و ئاستی توانای خزمەتگوزاریی فێركاریی بكرێت بۆ خوێندنگە بنەڕەتییەكانی قۆناغی(7-9) لە شاری كەلاردا، چونكە ئەم قۆناغە پێگەیەكی گرنگی لەسەر ژیانی خوێندكار و دروستكردنی كەسایەتیی دادەنێت و، قۆناغێكی گرنگی تەمەن دەگریتەوە ئەویش تەمەنی(12-14) ساڵییە و ماوەی خوێندن لەم قۆناغەدا سێ ساڵە و دواتر دەچنە قۆناغی ئامادەیی. لێكۆڵینەوەكە پشتیبەستووە بەداتا و زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بۆ ساڵی خوێندنی(2019-2020)، لە لێكۆڵینەوەكە میتۆدی (وەسفیی و شیكاری چەندێتیی) بەكارهێنراوە، سوودوەرگیراوە لە ئامێری (GPS) بۆ دەستنیشانكردنی شوێنکەوتەی خوێندنگەكان، ئەمەش سەرەڕای بەكارهێنانی سیستەمی زانیارییە جوگرافیاییەكان(Geographic Information System) وەك تەكنیكی تازە لە بواری لێكۆڵینەوە خزمەتگوزارییەكاندا. شیكردنەوەی داتاكان لە رێگەی بەكارهێنانی هاوكێشەكانی پەیوەست بە بابەتی لێكۆڵینەوەكە و دروستكردنی نەخشەی بابەتیی و، هەروەها بۆ زانینی ئاستی توانای پیشكەشكردنی ئەم قۆناغە، پشتبەستراوە بە چەند پێورێكی ناوخۆیی و، دەرکەوتووە کە جگە لە پێوەری ژمارەی دانیشتوان، هەتا رادەیەكی باش لە رووی پێوەرە ژمارەیی و مرۆییەكانی ترەوە گونجاوە، بەڵام لە رووی دابەشبوونەوە لەسەر ئاستی گەڕەكەكانی شارەكە دابەشبوونێكی نا هاوسەنگە، بۆیە پێویستیی بە چاوپێداخشاندنەوەی لایەنی پەیوەندیدار هەیە بە پلانەکانیاندا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە هەموو دانیشتوانی گەڕەكەكانی شارەكە لەم قۆناغەی خوێندن سوودمەند ببن.