رەوشی سیاسیی باشوری كوردستان لە نیوان ١٩٧٥-١٩٨٧
Keywords:
حیزب, شۆڕش, دانوستان, بەرە, جەنگAbstract
رەوشی سیاسی باشوری كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٥-١٩٨٧دا، كە بە رێككەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی١٩٧٥دا و نسكۆی شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) دەستیپێكرد، لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری ریشەیی بەخۆیەوە بینی، پارتی دیموکراتی کوردستان رێکخستنەکانی هەڵوەشاندەوە. بەڵام دوای ماوەیەك حزبی نوێ و چەند ڕێکخراوی تر دروست بوون. بە جۆرێك قۆناغێكی نوێی لە خەباتی جوڵانەوەی رزگاریی كوردی هێنایە ئاراوە، حیزبەکان چالاکبوونەوە و چەندان حیزبی تریش لەوانە ( ی. ن. ک، حسك) درووست بوون. سەرەتا لە سوریا و ئێراندا کار بۆ بوژانەوەی جوڵانەوەی رزگاریی کوردی و دامەزراندنی حیزبی نوێ کراوە. حیزبەکان سەرەڕای خەباتی سیاسییان لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەلایەکەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە لە شەڕ و ململانێی یەکتریدا بوون، کە ببووە بارگرانی لە سەر جوڵانەوەکە. هەڵگیرسانی جەنگی عێراق- ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) کاریگەری خۆی لەسەر باشوری کوردستان و جوڵانەوەی رزگاریی کوردی داناوە، هەروەها دەوڵەتانی هەرێمی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی خەباتی جوڵانەوەی رزگاریی کوردی بووە و بە هۆیانەوە نەیتوانیوە بگاتە ئامانج. بۆ توێژینەوەکە سەرچاوەی پێویست لەبەردەست نەبوو، بە تایبەت بەهۆی ئەو دۆخەی باشووری کوردستان پیایدا تێپەڕبوون، بە هۆیەوە بەڵگەنامەکان پەرشوبڵاوبوون یان سووتاون، لەبەرئەوە هەوڵدراوە بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ کەسایەتیەکانی نێو رووداوەکان ئەو کەلێنە پڕبکرێتەوە. لە ئامادەکردنی توێژینەوەکەدا رەوتی رووداوەکان و پەرەسەندنیان بە میتۆدی مێژوویی و وەسفیی خراونەتەڕوو. لە ئەنجامەکانیش، لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، قۆناغێکی نوێ لە جوڵانەوەی رزگاریی کوردی بە فرەیی حیزبی دەستی پێکردووە، حیزبەکان هاوپەیمانێتیان لە ناوخۆی باشوری کوردستان و لەگەڵ لایەنە بەرهەڵستکارەکانی تری عێراقی بۆ یەکخستنی خەباتیان لە دژی حکومەتی عێراقی پێکهێناوە.