رۆڵی میدیای نوێ لە بازاڕداریی سیاسیی بۆ حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان
الكلمات المفتاحية:
میدیای نوێ، بازاڕداریی سیاسیی، پێگەی ئەلیكترۆنیی، كەناڵە تەلەفزیۆنەكان، حیزبە سیاسییەكانالملخص
ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانی (رۆڵی میدیای نوێ لە بازاڕداریی سیاسیی بۆ حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پێگە ئەلیکترۆنییەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان بە نموونە) هەوڵێكە بۆ زانین و دەرخستنی رۆڵی میدیای نوێ و بە تایبەتیش پێگە ئەلیکترۆنییەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان لە بازاڕداریی سیاسیی بۆ حیزبە سیاسییەکان، لەبەر ئەوەی بازاڕداریی سیاسیی رۆڵێكی گرنگی لە برەودان بە حزبە سیاسییەكان و پەیام و سەركردەكانی هەیە، حیزبە سیاسییەکانیش بۆ ئەوەی گەشەبکەن و بمێننەوە پێوەستییان بە بازاڕداریی هەیە. ئەم توێژینەوەیە جۆرێكە لە توێژینەوەی وەسفیی، بە بەكارهێنانی میتۆدی رووپێویی. لەم توێژینەوەیەدا فۆرمی راپرسیی بەكارهێنراوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی. نموونەپشکنیینی (سامپڵ) توێژینەوەكەش بەشێوەی مەبەستدار سەرجەم كادرانی مەكتەبی هەڵبژاردن و راگەیاندنی پێنج حیزبیی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەرگیراون، كە سێ لەوان لەحوكومەتدا بەشدارن وەك (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)، دووانی تریان ئۆپۆزسیۆنن وەك (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان)، لەلایەكی ترەوە پێگە ئەلكترۆنییەكانی كەناڵە ئاسمانییەكان (ئەو كەناڵانەی كە بە فەرمیی سەر بەو پێنج حیزبە سیاسییەن)، بە پاساوی ئەوەی دەزگای حیزبیین و كارەكانیان پەیوەستە بە بازاڕداریی سیاسیی بۆ حیزبەكانیان. بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان، بە رێژەی (59.9%)ی بەرتوێژان تاڕادەیەك پێگە ئەلیكترۆنییە كوردییەكانی كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان (وێب سایتەكان) بەكاردەهێنن، لە کاتێکدا بە رێژەی (21.8%) كەم بەكاریدەهێننن، زۆرینەی بەرتوێژان بە رێژەی (47.3%) تا رادەیەك پشت دەبەستن بە پێگە ئەلیكترۆنییەكان بۆ بازاڕداریی سیاسیی، هەر بە پێی ئەنجامەکان بەشێوەیەكی گشتیی زۆرینەی بەرتوێژان بە رێژەی (54.3%) تا رادەیەك پێگە ئەلیكترۆنییەكان وەك سەرچاوەیەك دەبینن بۆ بازاڕداریی سیاسیی، بەڵام (40.7%) ی بەرتوێژان پێگە ئەلیكترۆنییەكان وەك سەچاوەیەك دانانێن بۆ بازاڕداریی سیاسیی. هەر بەپێی ئەنجامەکان رێژەی (72.06%)ی بەرتوێژان هاوڕان لەسەر ئەوەی میدیای نوێ رۆڵی هەیە لە بازاڕداری بۆ حیزیە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لە (14.33%)ی بەرتوێژان هاوڕانین. پەیوەندییەکی ئاماریی بەڵگەداری هەیە لە نێوان (میدیای نوێ و بازاڕداریی سیاسیی)، کە بەهاکەی دەکاتە (%0.635)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پەیوەندییەکی ئاماریی راستەوانەی بەهێز هەیە لە نێوان (میدیای نوێ و بازاڕداریی سیاسیی) واتە تا زیاتر حیزبە سیاسییەکان گرنگیی بە میدیای نوێ پێگە ئەلیکترۆنییەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بدەن و بە شێوەیەکی درووست بەکاریبهێنن بازاڕداریی سیاسیی سەرکەوتووتر و کاریگەرتر دەبێت.