ڕووماڵى ڕاپەرینى باشوورى کوردستان لە ڕۆژنامە بەریتانیەکاندا لە ساڵى ١٩٩١ (توێژینەوەیەکى مێژوویی سیاسییە)
الكلمات المفتاحية:
ڕاپەڕین، وێناکردن، ڕۆژنامە، باشوورى کوردستان، ڕوماڵى ڕووداوەکانالملخص
دۆخی عێراق لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی گشتی جێگەی سەرنج و تێڕامانی میدیای ڕۆژئاوا بووە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو دۆخەبوو، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێ، بەتایبەتی ئەو نائارامییەی لەناوچەکەدا لەدوای داگیرکردنی (کوەیت) لەلایەن عێراقەوە خوڵقابوو، کە دەستدرێژى و زیان گەیاند بوو بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لەبەرئەوە ڕووداوەکانی ناوچەکە هەواڵی گەرمی بەشێكی ڕۆژنامە و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوابوون. لەگەڵ پەلاماردانی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، کوردیش کە حیزبەکانی شاخ نوێنەرایەتیان دەکرد، هەوڵیانداوە جێگەی خۆیان لەو گۆڕانکارییانەدا بکەنەوە و ببن بە بەشێك لە ئەجێندای نێودەوڵەتی.
هەرچەند بایەخدان بە کورد و دۆخی کوردستان لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا بەتایبەت میدیای بەڕیتانیا لە زۆر دەمێکەوە گرنگی پێدراوە، بەڵام پاش ئەنجامدانى ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی ناوچەکان، ئەم بایەخدانە لە میدیای بەڕیتانیادا ڕەنگدانەوەی زیاتری هەبووە، بە جۆرێک گرنگی و بایەخدان بە ڕووداوەکانی کوردستان زیادیکردووە، لەم توێژینەوەدا هەوڵدراوە بەمیتۆدی شیکاریی، لە دیدێكی ڕەخنەییانەوە شیکاری ڕووماڵی میدیاکانی بەڕیتانیا بۆ ڕووداوەکانی ڕاپەڕین بەرچاوبخرێت، تا بەهۆیەوە لە تێڕوانینی ئەوکاتەی میدیای بەڕیتانیا سەبارەت بە کورد تێبگەین و بزانرێت، کە سەرنج و تێڕوانینیان لە ڕووی چییەتی و چەندیەتییەوە بۆ ڕووداوەکان لە پێش ڕاپەڕین و ماوەی ڕاپەڕین، لەگەڵ سەرەتاکانی پەلاماردانەوەی ڕژێمی بەعس و داگیرکرنەوەی بەشێکی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە چۆنبووە؟.
ئەم توێژینەوەیە جگە لە پوختە بە زمانەکانى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى، لە پێشەکی و دوو باس و دەرئەنجام و لیستی سەرچاوە و پاشکۆکان پێکهاتووە، باسی یەکەم: بە ناونیشانى (ڕووماڵی ڕۆژنامەکانی بەڕیتانیا بۆ دۆخی عێراق و کوردستان لە پێش ڕاپەڕین)ـە، باسی دووەمیش بۆ (ڕووماڵی ڕۆژنامەکانی بەڕیتانیا بۆ ڕاپەڕین و ڕووداوەکانی باشووری کوردستان) تەرخانکراوە.